بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، بۆ زاگرۆس هاتووە محەمەد سەمعان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و لەدوای سوێندخواردنی فەرمی لە پەرلەمانی عێراق وەکو وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی خۆی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات.
سەرچاوەیەک بۆ زاگرۆس بە ئاماژەدان بەوەی کە سەمعان نووسینگەکەی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکە، روونی کردەوە کە ناوبراو تاوەکو کاتی ئەنجامدانی سوێندی یاسایی لە پۆستەکەی وەک پارێزگار بەردەوام دەبێت و دەستبەجێ دوای ئەوە، نوسراوی وازهێنانی پێشکەش دەکات.
جێگەی باسە، لە 16ـی نیسانی 2026ـدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەهای پەسەند کردبوو، ئەمەش لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان کە لە 10ـی ئابی 2024 لە هۆتێل رەشیدی بەغدا واژۆ کرابوو.

