بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو گەنجێک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، خوشکی خۆی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا کوشتووە، دواتریش تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی دهۆک، ڕووداوەکە کاتژمێر (٢:٢٠)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی دومیز ڕوویداوە؛ لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW)، تۆمەتبارەکە خوشکە ٢٠ ساڵانەکەی خۆی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە (نامووس) کوشتووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان، ئەفسەر و کارمەندانی بەشی پۆلیسی قەزای سێمێل گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بە بەدواداچوون کردووە. پاش لێکۆڵینەوەی چڕ، بەیانیی ئەمڕۆ توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە ڕادەستی یاسا کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری.

