فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی بەربژێرەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پۆستێکی وەزاری لە کابینەکەی عەلی زەیدی ئاشکرا کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی فراکسیۆنی پارتی، کە هاوکاتە لەگەڵ دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026ـی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، هەریەکە لە فارس بریفکانی و رێباز حەملان وەک بەربژێری فەرمی پارتەکە بۆ دوو پۆستی باڵا دیاری کراون:
-
فارس شێخ سدیق بریفکانی: بەربژێر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
-
رێباز محەممەد عەبدوڵڵا (رێباز حەملان): بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عەلی زەیدی و پڕکردنەوەی ئەو پۆستە وەزارییانەی هێشتا بە چۆڵی ماونەتەوە، کۆدەبێتەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێرە فەرمییەکانی خۆی بۆ پڕکردنەوەی پشک و شایستەکانی لەو کابینەیەدا بەم شێوەیەی خوارەوە ئاشکرا کرد:
بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فارس شێخ سدیق بریفکانی بەربژێر کراوە.
بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رێباز محەممەد عەبدوڵڵا محەممەد، ناسراو بە رێباز حەملان دیاری کراوە.
دانەر عەبدولغەفار عەزیز، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە جەختیکردەوە: “جەخت لەسەر گرنگیی خێراکردنی رێکارە دەستووری و یاساییەکان دەکەینەوە بۆ تەواوکردنی کابینەکە و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم کارەکانی حکوومەتدا هەن، بە جۆرێک لە خزمەتی سەرجەم پێکهاتە و ناوچەکانی عێراقدا بێت.”

