zagros news agency

بچووک بوونەوەی قەبارەی ماسوولکە لە بەساڵاچوواندا مەترسیی تووشبوون بە هەوکردن زیاد دەکات

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر نزیکەی ٤٥٨ هەزار کەس لە بنکەداتای پزیشکیی “بایۆبانکی بەریتانیا” پێشانی دا کەمبوونەوەی بارستە و توانای ماسوولکەکان لە بەساڵاچوواندا (سارکۆپینیا)، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە هەوکردنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، بەساڵاچووانی تووشبوو بە کەمبوونەوەی ماسوولکە لە ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ بەدواداچووندا، بە ڕێژەی ٣٤% زیاتر لە کەسانی ئاسایی تووشی نەخۆشییە هەوکردنەکانی وەک هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە، کۆئەندامی میزەڕۆ و ژەهراویبوونی خوێن (سێپسیس) بوون. هەروەها ئەم مەترسییە لە قۆناغی پێش-سارکۆپینیادا گەیشتە ١٨%.
سارکۆپینیا، وەک کەمبوونەوەی قەبارە و هێزی ماسوولکە بەهۆی چوونە سەرەوەی تەمەن، نزیکەی ١٠ بۆ ١٦%ی بەساڵاچووانی جیهان دەگرێتەوە. لێکۆڵەران پاش لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک تەمەن، ڕەگەز، باری ئابووری، جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول و کەمجووڵەیی، دیسان ئەم پەیوەندییە بەهێزەیان لە نێوان لاوازبوونی ماسوولکە و نەخۆشییە هەوکردنەکاندا بەدی کرد.
وەک دکتۆر ئێلیزابێت دۆلینی-کرایپ، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و جومگە گوتی، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەو بۆچوونە لەمێژینەیە دەسەلمێنێت مەترسیی هەوکردن لە کەسانی خاوەن ماسوولکەی لاوازدا زۆر زیاترە.
هاوکات، دکتۆر ئێلیزابێت لاندسڤۆرک، پسپۆڕی پزیشکیی بەساڵاچووان، هۆکاری ئەم دۆخەی بۆ زنجیرەیەک لێکەوتە گەڕاندەوە؛ بە بڕوای ناوبراو، سارکۆپینیا ئەگەری کەوتن و شکانی ئێسک زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای جووڵە و پێویستیی مانەوە لە نەخۆشخانەدا، لە دۆخێکی وەهاشدا لاوازیی جەستە بەرانبەر نەخۆشییە هەوکردنەکان پەرە دەستێنێت.
پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم گرفتە بە مانای بێئومێدی نییە و بۆ دەستپێکردن هەرگیز درەنگ نییە. پسپۆڕان پێشنیازی گۆڕینی شێوازی ژیان لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی تەندروست، وەرزشکردنی ڕۆژانە لانیکەم بۆ ماوەی ٣٠ خولەک، و ئەنجامدانی ڕاهێنانی هێز و بەهێزکردنی ماسوولکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەکەن، تاوەکو توانای جەستەیی بپارێزرێت و لەش بەرانبەر نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەهێز بمێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق لە پێشەنگی وڵاتانی هاوردەکاری توتنی تورکیە

سەڵاح

لالیگا.. ریال مەدرید لە یەکەم یاری دوو خاڵی لەدەستدا

یاسین

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (۷۳)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان

یاسین