شەوی چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند کە لە درەنگانی ئەمشەوەوە تا بەرەبەیانی سبەی پێنجشەممە، بارستە هەورێکی چڕی زەبەلاح زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکەی بەهێزی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکە، شەپۆلەکە سەرەتا لە باشووری مووسڵ، هەولێر و کەرکووک دەستپێدەکات، پاشان بەرەو کۆیە، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و سۆران شۆڕ دەبێتەوە.
هەروەها لە دهۆک و زاخۆ ئەگەری نمەباران بۆ بارانی مامناوەند هەیە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ماوەی ڕۆژی پێنجشەممەدا کەشوهەوا لە جێگیربوون نزیک دەبێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان ئاسایی دەبێتەوە، تەنها لە هەندێک ناوچەی شاخاویی سنووری نەبێت کە ئەگەری کەمێک بارانی لێ دەکرێت.

