zagros news agency

بۆچی مێشکی هەندێک کەس بەرانبەر نەخۆشیی زەهایمەر خۆڕاگرترە؟

 

توێژەران لە دوو توێژینەوەی نوێدا، دوو میکانیزمی ئەگەرییان بۆ پێشگرتن لە زەهایمەر یان کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەم نەخۆشییە دەستنیشان کردووە. یەکێکیان لەسەر ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی پڕۆتینە زیانبەخشەکان لە مێشکدا چڕ بووەتەوە و ئەوی دیکەیان لەسەر دووبارە دروستکردنەوەی چینە پارێزەرەکەی دەمارەکان.

بە گوێرەی نیویۆرک‌پۆست، نزیکەی یەک لەسەر نۆ کەسی سەرووی ٦٥ ساڵ تووشی زەهایمەر دەبن و ژمارەی تووشبووان بە خێرایی لە زیادبووندایە. ئەم نەخۆشییە، کە هێشتا چارەسەری یەکلاکەرەوەی نییە، زیاتر لە کۆی گشتیی شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات گیانی مرۆڤەکان دەسێنێت.

یەکێک لە هۆکارە بۆماوەییە گرنگەکان لە تووشبوون بە زەهایمەر، جۆرێکە لە جینی ئەپۆلیپۆپڕۆتین-ئی٤ (APOE4) کە یەک لەسەر چوار کەس هەڵگری ئەم جینەن. ئەم کەسانە، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە، لانیکەم دوو هێندە و هەندێک جار تا ١٢ هێندە زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە زەهایمەر دان، بەڵام هەموو هەڵگرانی ئەم جینە نەخۆش ناکەون.

توێژەرانی زانکۆی کۆڵۆمبیا بۆیان دەرکەوت هەندێک لە هەڵگرانی ئەم جینە گۆڕانێکی دەگمەنیشیان لە جینی ئێف‌ئێن‌١ (FN1)دا هەیە کە دەتوانێت کاریگەریی پارێزەری هەبێت بەرانبەر زەهایمەر. جینی ئێف‌ئێن‌١ بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی پڕۆتینێک بە ناوی فیبرۆنێکتین کە ڕۆڵی سەرەکیی لە دروستکردنی شانەکانی لەشدا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆبوونەوەی زۆر لەم پڕۆتینە لە دەوری خوێنبەرەکانی مێشکدا دەتوانێت کاری سێبەندی خوێن-مێشک تێک بدات و ببێتە هۆی چوونەژوورەوەی ماددە زیانبەخشەکان و کەمبوونەوەی دەرکردنی پاشماوەکان.

توێژەران تێبینییان کرد گۆڕانە دەگمەنەکەی ئێف‌ئێن‌١ ڕێگری لە کۆبوونەوەی زیادەی فیبرۆنێکتین دەکات. تاقیکردنەوە لەسەر ماسیی گورگمارەکان (گورزەماسی)یش نیشانی دا کە ڕێژەی کۆبوونەوەی ئەم پڕۆتینە لە نموونە هەڵگرەکانی گۆڕانەکەدا زۆر کەمتر بووە. چاغان کیزیل، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە، گوتی ئەم دۆزینەوەیە پەیوەندیی نێوان تایبەتمەندییەکی بۆماوەیی و میکانیزمی نەخۆشییەکە ڕوون دەکاتەوە و دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی ڕێگایەک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم پارێزگارییە سروشتییە.

لە توێژینەوەیەکی دیکەدا، زانایانی پەیمانگای تەکنۆلۆژیای ماساچووسێت (MIT) بۆیان دەرکەوت جینی ئەپۆلیپۆپڕۆتین-ئی٤ ڕێڕەوی گەیاندنی پەیامی خانەیی تێک دەدات. تێکچوونی ئەم ڕێڕەوە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی چەوری لە خانەکانی ئۆلیگۆدێندرۆسایت، کە میلین، واتە چینە چەورییە پارێزەرەکەی دەمارەکان، بەرهەم دەهێنن. میلین بۆ گواستنەوەی دروستی پەیامەکان لە نێوان خانە دەمارەکاندا پێویستە. تێکچوونی کاری ئۆلیگۆدێندرۆسایتەکان بەرهەمهێنانی میلین کەم دەکاتەوە کە دەتوانێت یەکێک بێت لە نیشانە سەرەتاییەکانی زەهایمەر، پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی دیکە.

توێژەران بۆیان دەرکەوت کە ڕێگریکردن لە ئەنزیمێک بە ناوی جی‌ئێس‌کەی‌٣‌بی (GSK3B) دەتوانێت کۆبوونەوەی چەوری لەم خانانەدا کەم بکاتەوە، کارەکانیان باشتر بکات، و بەرهەمهێنانی میلین زیاد بکات. لی‌هویی تسای، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە، گوتی ئەم دۆزینەوانە جگە لە تێگەیشتنی زیاتر لە میکانیزمی تێکچوونی میتابۆلیزمی چەوری لە خانەکاندا، ئامانجی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانەکانی داهاتوو دەستەبەر دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

باشترین جۆرەكانی خۆراك بۆ ئازاری پشت و جومگەكان

lana

توێژینەوەیەک: دارچینی لەگەڵ قاوە یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش

lana

خواردنی ماست لە ژەمی بەیانیاندا، مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن کەم دەکاتەوە

lana