نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدەن.
لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) کەوتووە، هاتووە: “لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لە پایتەختی سووریا، مەراسیمی پێشوازیی فەرمی بۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو و لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێشوازیی لێکرا، هاوکات لە مەراسیمەکەدا پاسەوانی شەرەف نمایش کرا.”
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە: “سەرۆکوەزیران گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی سووریا ئەنجام دەدات کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و شێوازەکانی پتەوکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها هەردوو لا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی فراوانی شاندی هەردوو وڵات دەکەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هاریکاریی هاوبەش بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و وڵاتی برا بکات.”

