zagros news agency

حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا چوونەژوورەوەی هاووڵاتییانی ئێران و ئەفغانستانی قەدەغە کرد

 

حکوومەتی بنکە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هاتنەژوورەوەی هاووڵاتییانی ئێران و ئەفغانستان لە ڕێگەی سەرجەم دەروازە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکانەوە قەدەغەیە.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرفراوانکردنی ئەو سنووردارییانەی حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا لە مانگی حوزەیراندا بەسەر هاووڵاتییانی چوار وڵاتی ئەفریقاییدا سەپاندبوونی. لیبیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەسەر دوو دەسەڵاتی بەرانبەر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای وڵاتەکەدا دابەش بووە و حکوومەت هیچ هۆکارێکی بۆ ئەم بڕیارە ئاشکرا نەکردووە.
حکوومەتی لیبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی پێ کرد وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و دەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێرانی و ئەفغانستانییانە دەبێت مۆڵەتی نیشتەجێبوونی فەرمییان نییە.
لە کاتی ڕووخانی موعەممەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١١دا لە ڕێگەی ڕاپەڕینێکی بەپشتیوانیی هاوپەیمانیی ناتۆ، لیبیا بووەتە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی پەڕینەوەی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا لە دەریای نێوەڕاستەوە.
ململانێی گرووپە نەیارەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەم وڵاتەی تووشی لێکترازان کردووە. حکوومەتی ئوسامە حەمماد لە شاری بنغازی لەگەڵ خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سەربازیی ڕۆژهەڵات و ناوچە بەرفراوانەکانی باشووری لیبیا هاوپەیمانە. لە بەرانبەردا، حکوومەتی عەبدولحەمید دەبیبە بە پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا لە تەرابلوس دەسەڵاتی گرتە دەست و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێدا نراوە.
حکوومەتی حەمماد پێشتر لە مانگی حوزەیراندا بە پاساوی “ڕێکخستنەوەی هاتنی بیانییەکان بۆ لیبیا”، چوونەژوورەوەی هاووڵاتییانی سوودان، ئێریتریا، ئەسیوپیا و سۆماڵیشی قەدەغە کردبوو. لە بڕیارە نوێیەکەدا ئەندامانی شاندە دیپلۆماتی و کونسوڵییە باوەڕپێکراوەکان، ئەندامانی خێزانەکانیان و کارمەندانی بوارەکانی پزیشکی و فێرکاری بە مەرجی هەبوونی مۆڵەتی کار بەدەر کراون.
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٩٠٠ هەزار کۆچبەر لە نێو خاکی لیبیادا دەژین.

هەواڵی پەیوەندیدار

جامی کاراباو.. ئارسناڵ سەرکەووت و لە لایێکی تر چێڵسیش دەرکرا

یاسین

وەزارەتی پەروەردە پێدانی ئەرکی ماڵەوە لە دوای دەوام و لە ڕۆژانی پشوودا قەدەغە دەکات

یاسین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكات

سەڵاح