zagros news agency

عێراق هەشتەمین وڵاتی جیهانە لە هاوردەکردنی گۆشتی مریشکدا بۆ ساڵی 2026

 

داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا (USDA)، ڕۆژی سێشەممە دەریخست کە هاوردەی گۆشتی مریشک بۆ عێراق لە ماوەی ساڵی 2026دا کەمیکردووە بۆ 435 هەزار تۆن، بە بەراورد بە 492 هەزار تۆن لە ساڵی 2025دا، کە بە بڕی 57 هەزار تۆن و بە ڕێژەی 11.6% کەمی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی شیکاری بازاڕە جیهانییەکان کە لەلایەن فەرمانگەی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتەکە لە 21ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە و ئاژانسی شەفەق نیوز بەدواداچوونی بۆ کردووە، هاوردەی گۆشتی مریشکی عێراق لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 552 هەزار تۆن، لە ساڵی 2023دا 529 هەزار تۆن، و لە ساڵی 2022دا 531 هەزار تۆن بووە.
داتاکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە هاوردەی عێراق لە ساڵی 2027دا بۆ 525 هەزار تۆن بەرزببێتەوە، کە بە بەراورد بە خەمڵاندنەکانی ساڵی 2026، بڕی 90 هەزار تۆن زیاترە، واتە بە ڕێژەی گەشەی 20.7%.
لەسەر ئاستی جیهانیش، عێراق لە ڕیزی دیارترین ئەو وڵاتانەدایە کە گۆشتی مریشک هاوردە دەکەن، و لە ساڵی 2026دا لە پلەی هەشتەمدا هاتووە، لە دوای وڵاتانی ژاپۆن، مەکسیک، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، فلیپین، سعودیە و غانا.
لە بەرامبەردا، بەڕازیل پێشەنگی وڵاتانی هەناردەکاری گۆشتی مریشکی لە جیهاندا گرتووە، کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا هەناردەکەی بگاتە 5.45 ملیۆن تۆن، بەدوایدا ئەمریکا دێت بە نزیکەی 3.057 ملیۆن تۆن، و پاشان چین بە نزیکەی 1.54 ملیۆن تۆن.
پێشبینییەکانیش ئاماژە بە بەرزبوونەوەی کۆی گشتیی بازرگانیی گۆشتی مریشک لە جیهاندا دەکەن بۆ 15.557 ملیۆن تۆن لە ساڵی 2027دا، بە بەراورد بە 15.053 ملیۆن تۆن لە ساڵی 2026دا.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا (USDA) وەک بەشێک لە چاودێریکردنی جووڵەی بازرگانی و ئاسایشی خۆراکی جیهانی، بەردەوام ڕاپۆرتی خولی بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا نووسینگە و باڵیۆزخانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا چاودێری ڕێژەی بەکاربردن و هاوردەکردنی سەرجەم وڵاتان دەکەن بۆ خەمڵاندنی قەبارەی خواست لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا و ئاراستەکردنی سیاسەتەکانی هاوردە و هەناردەی بەروبووم و گۆشت.

هەواڵی پەیوەندیدار

گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی بەڵجیکا بەرەو سنووری ئەڵمانیا پەل دەهاوێژێت

یاسین

ترەمپ و پوتین لە رێگایی تەلەفۆنەوە نزیکەی کاتژمێرک و نیو قسەیان کردووە

گوران

دکتۆر شێرکۆ تاڵەبانی بۆ زاگرۆس: ژمارەیەک چەکداری لاهور شێخ جەنگی دۆزرانەوە، دوای گولەبارانکرد، تەرمەکانیان سوتێنراوە

یاسین