دوانیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ( ٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٨٣٤،٩٢٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشت سەدو سی و چوار ملیارو نۆسەدو بیست ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ( ١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
هەروەها بڕی ( ٤،٤٧٦،٥٤٠،٠٠٠ ) چوار ملیارو چوار سەدو حەفتاو شەش ملیۆن و پێنج سەدو چل هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
تێبینی؛
١- لەبەرئەوەی کاتی داخڵ بوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەتمان کەوتە کۆتایی دەوامی فەڕمی، بەو هۆیەوە تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی فەرمی.
٢- هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێکاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندی عێراق بە سیستەمی ( ACH ) و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەش پێویستی بە ماوەی ڕۆژێکی تەواو هەیە ، ئەوەش وادەکات تەواو کردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچە خۆران بکەوێتە ڕۆژی یەک شەممە، چونکە ڕۆژی هەینی و شەممە پشووی فەرمییە لە بانکی ناوەندی عێراق و ناتوانرێت لەکاتی پشودا ئەو ڕێکارانە ئەنجام بدرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

