ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت”ـی ئیسرائیلی رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە فشارەکانی بۆ سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی دژی ئێران. بەپێی ڕۆژنامەکە، ئیسرائیل پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چڕی کردووە کە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، بە ئامانجی لاوازکردنی تواناکانی ڕژێمی ئێران و نزیککردنەوەی لە ڕووخان، هەرچەندە کەوتنی ڕژێمەکە مسۆگەر نەبێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە گواستوویەتییەوە کە ئیسرائیل ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی تاکلایەنە دژی ئێران بەدوور نازانێت، بەڵام بژاردەی پەسەندکراو لای هەریەک لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران، ئەیال زامیر سەرۆکی ئەرکان و ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی مۆساد، ئەنجامدانی هێرشێکی هاوبەشە بە هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەمریکییەکان قەناعەتیان وایە ئیسرائیل بە تەنها هەنگاو نانێت، و ئەگەر بڕیاری هێرشکردنیش بدرێت، باشتر وایە بە شێوەیەکی هاوبەش بێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس سۆشیاڵ” جەختی کردەوە کە پێشتر پێشبینیی ئەوەی کردبوو ئێران، کە تا ئەمڕۆ ٨١ هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە، دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هێرشەکانیدا شەڕانگێزتر دەبێت و ئەوەش ڕوویدا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش داوە کە ئێران هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک مووشەک و درۆنی ئاراستە کردووە کە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا وێنەی نەبووە، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرجەمیان بەبێ هیچ زیانێک خراونەتە خوارەوە.

