هونەرمەندی میسری ئەحمەد حیلمی ئاهەنگی گێڕا بە بۆنەی ئەوەی فیلمە نوێیەکەی بە ناوی “حەدوتە” لە یەکەم 10 رۆژی نمایشکردنیدا لە هۆڵەکانی سینەما داهاتەکەی 100 ملیۆن جونەیهی تێپەڕاند.
حیلمی ژمارەی داهاتەکانی لە رێگەی هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە دوای ئەوەی فیلمەکە توانی 604 هەزار بلیت بفرۆشێت و خۆشحاڵیی خۆی بە پێشوازیی بینەران دەربڕی لەوەتەی لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمەوە نمایشکردنی فیلمەکە دەستیپێکردووە.
فیلمەکە لە سەرەتای نمایشکردنییەوە لە هۆڵەکانی سینەمای میسر داهاتێکی روو لە هەڵکشانی تۆمارکرد، بە جۆرێک تەنیا لە رۆژی هەینی 20ی تشرینی دووەمدا داهاتەکەی گەیشتە 14 ملیۆن و 38 هەزار و 969 جونەیهـ، بەمەش کۆی داهاتەکەی لەو کاتەدا گەیشتە 88 ملیۆن و 533 هەزار و 303 جونەیهـ. دواتر حیلمی بە فەرمی تێپەڕاندنی سنووری 100 ملیۆن جونەیهی راگەیاند.
ئەم بەرهەمە گەڕانەوەی ئەو هونەرمەندەیە بۆ کێبڕکێی سینەمایی دوای نزیکەی 4 ساڵ لە نمایشکردنی فیلمی پێشووی کە لە ساڵی 2022 پێشکەش کرا.

