ئەکتەرێکی فەرەنسی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی بەکۆمەڵی ئاراستەی ئەکتەری ناسراو جیرارد دیپاردیۆ و نووسەر میشێل وێلبێک کرد، کە لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی “Thalasso” لە ساڵی 2018دا روویداوە.
ناوە دیارەکانی سینەما و ئەدەبی فەرەنسا رووبەڕووی تۆمەتی مەترسیدار بوونەتەوە، دوای ئەوەی ئەکتەرێکی بە رەچەڵەک سلاڤی سکاڵایەکی یاسایی تۆمار کرد و تێیدا هەردوو ناوبراوی بە دەستدرێژیکردنە سەری تۆمەتبار کرد، هاوکات ناوی دەرهێنەر گیۆم نیکلۆش لە دۆسییەکەدا هاتووە بە گومانی هاوکاریکردن لەو تاوانەدا.
ماڵپەڕی میدیاپارتی فەرەنسی وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و روونیکردەوە، سکاڵاکە لە مانگی ئایاری 2025 تۆمار کراوە و پەیوەستە بە رووداوێکەوە، کە گوایە لە 11ی کانوونی یەکەمی 2018 لە هۆتێلێکی شاری کابۆرگ لە ناوچەی نۆرماندی روویداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو سکاڵاکە، دیپاردیۆ بە زۆر دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئەکتەرەکە و وێلبێکیش جەستەی گرتووە و ناچاری کردووە بە ئەنجامدانی کاری نەشیاو، لە کاتێکدا هەردووکیان لە دۆخێکی سەرخۆشیی زۆردا بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەکتەرەکە داوای لەناوبردنی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی ئەو شەوەی کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ تەواوکردنی وێنەگرتنی فیلمەکە.
پارێزەرانی دیپاردیۆ رایانگەیاند، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی یاساییان پێنەگەیشتووە و دەرهێنەر نیکلۆش گوتی، هەستی بە هیچ زۆرلێکردنێک نەکردووە، بەڵام دواتر داوای لێبووردنی لێکردووە و ئێستا دۆسییەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی دادگادایە.

