راپۆرتێکی هاوبەشی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ کە بە (فاو) دەناسرێت، لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی پێشبینیی دەکات تا کۆتایی ساڵی 2026، نزیکەی 1.4 ملیۆن فەڵەستینی لە کەرتی غەززە رووبەڕووی نائاسایشی خۆراک ببنەوە و هۆشداریش دەدەن لە تێکچوونی زیاتری دۆخەکە لە ئەگەری پچڕانی هاوکارییەکان.
دوو لەسەر سێی دانیشتووان لە قەیراندان
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو ژمارەیە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی کەرتی غەززە پێکدەهێنێت و دەکەونە نێو قۆناغی سێیەم یان بەرزتری “پۆلێنکردنی یەکگرتووی قۆناغەکانی ئاسایشی خۆراک”، کە ئەم ئاستانە بە واتای بوونی قەیران یان دۆخێکی خراپتر دێت. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا نزیکەی 212 هەزار کەس لە دۆخی “فریاگوزاری”دان و لە قۆناغی چوارەمی پۆلێنکردنەکەدا هەژمار کراون، کە پێویستییەکی بەپەلەیان بە هاوکاریی خۆراکی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری قەیرانەکە؛ لە کاتێکدا زۆربەیان لەو ناوچانەدا دەژین کە گەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییەکان تێیاندا سەختە.
مەترسیی بەرزبوونەوەی ڕێژەکە بۆ 90%
هەردوو ڕێکخراوەکە هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئەگەر هاتنی هاوکاری و پێداویستییەکان بەردەوام نەبێت، ڕەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی ئەو کەسانەی لە غەززە ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائاسایشی توندی خۆراک دەبنەوە، بۆ 90%ـی کۆی دانیشتووانی کەرتەکە بەرز ببێتەوە.
کەمبوونەوەی بودجە و کاریگەرییەکانی
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕوونیکردووەتەوە کە کەمبوونەوەی پاڵپشتیی دارایی ناچاری کردووە هاوکارییە خۆراکییەکان لە غەززە بە ڕێژەی نزیکەی یەک لەسەر سێ کەم بکاتەوە. ئەم کەمکردنەوەیە بووەتە هۆی ئەوەی نیو ملیۆن کەس دەستگەیشتنیان بە پاڵپشتییە سەرەکی و هەستیارەکان لەدەست بدەن، بە جۆرێک ژمارەی سوودمەندان لە 1.6 ملیۆن کەسەوە لە مانگی ئەیلوولدا، بۆ 1.1 ملیۆن کەس لە مانگی تشرینی یەکەمدا دابەزیوە.
باشبوونێکی لاواز لە دوای ئاگربەست
سەرەڕای ئەوەی دوای فراوانبوونی هاوکارییە مرۆییەکان و جووڵەی بازرگانی لە پاش ئاگربەستەکەی تشرینی یەکەمی 2025، دۆخی خۆراک باشبوونێکی ڕێژەیی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەریەک لە ڕێکخراوەکانی فاو، یونسێف و بەرنامەی خۆراکی جیهانی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم باشبوونە هێشتا لاواز و ناسەقامگیرە، و بەردەوامبوونی بەدەمەوەچوونی مرۆیی و گەیشتنی پێداویستییەکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە پاشەکشەکردنی دۆخەکە.
سەرمای زستان و قەیرانی ئاوارەیی
لە کۆتاییدا، بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداریی داوە لەوەی کە سەرمای وەرزی زستان فشارەکان لەسەر خێزانە بێدەرەتان و زیانلێکەوتووەکان زیاتر دەکات، لە کاتێکدا کە هێشتا زیاتر لە 1.7 ملیۆن کەس ئاوارەن و نزیکەی 1.98 ملیۆن کەسیش پێویستییان بە هاوکاری هەیە لە بواری دابینکردنی شوێنی حەوانەوەدا.

