ئەمڕۆ شەممە 1\6\2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دکتۆر دلۆڤان محەممەد فاتح جەلال بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و دکتۆر دلێر شینە بەڕێوەبەر و خاوەنی نەخۆشخانەی میهرەبانی لەهەولێر، لە ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، لە مەراسیمێکدا بیمەی تەندروستی بۆ زیاتر لە 3000 منداڵی بێ سەرپەرشت دابینکرا.
لەمیانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا، جەخت لە گرنگی خزمەتکردنی منداڵانی بێسەرپەرشت کرایەوە و ئاماژە بەڕۆڵی کاریگەری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەسەرخستنی پرۆسەی دابینکردنی بیمەی تەندڕوستی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و کەرتی تەندروستی لەهەولێر بەگشتیی کرا.
لەگوتارێکدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزباییکردن لەڕۆژی جیهانی منداڵان و پیرۆزباییکردن لە منداڵانی بێسەرپەرشت، هەوڵەکەی نەخۆشخانەی میهرەبانی بەرز نرخاند لەدابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ 3000 منداڵی بێ سەرپەرشت و ئەو کارەی بە پیرۆز لەقەڵەمدا.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، شاری هەولێر لەباوەشێکی میهرەبانی پێکهاتووە و هەروەک دەبیندرێت بە هەزاران ئاوارە و پەنابەر لەهەولێر حەوێندراونەتەوە.
دووبارە پشتگیری خۆی بۆ هەوڵەکانی نەخۆشخانەی میهرەبانی هەموو هەوڵێکی خێرخوازی بۆ خزمەتی خەڵکی شاری هەولێر دووپاتکردەوە.