وهزارهتی دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێم رایگهیاند، بهخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگای هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی پرۆژەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت، ژمارەی سودمەندان دوو هێندەی مانگی ڕابردوو بوو، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو.
له راگهیهنراوێكدا باسی لهوه كرد، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدابوو، ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەریەوە هەبێت.
وتیشی، خۆشحاڵین کە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتر لایان درووست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لەسەر ئاستی عێراقدا.
له كۆتاییدا وهزارهتی دارایی وتی، شایانی باسە تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن، هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەرچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن.