ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەبێت سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان دابنرێت

‏‎
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی “سنووردانان بۆ هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان” دەکاتەوە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە “ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی هەرێمدا بگێڕێت”.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەردوو کەناڵی ئاسمانیی (ئەلعەرەبییە) و (الحدث)ی ئیماراتی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتی: هەرێمی کوردستان “ترسی لەوە هەیە کە بەغدا نەتوانێت بیپارێزێت.” و ئاماژەی بەوە دا کە “ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان لە قۆناغی داعش سەختترن و هێڵی پێشەوەی بەرە نادیارە.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان (هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع ئەلسوودانی)ی بەرز نرخاند و داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد کە “لە پاراستنی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی ببینێت.”

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان “لە چوارچێوەی عێراقدا، نەک بە تەنیا” بڕیار لەسەر بوون و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەدات.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕەتی کردەوە، کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلدا هەبێت و گوتی: “هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە و هیچ بارەگایەکی مۆسادیش لە هەرێمی کوردستان نییە.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “بانگەشەکانی ئێران بۆ بوونی هێزەکانی مۆساد لە هەرێم، ڕاست نین.” و ڕوونی کردەوە، کە تاران “هیچ بەڵگەیەکی لەسەر بوونی هێزەکانی مۆساد لە هەرێم، نەداوەتە بەغدا.” و دووپاتیشی کردەوە کە “هەرێم سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ ئێران.” و “ناکرێ مووشەکبارانی ئێران کە بووە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل، بخرێتە خانەی دۆستایەتی.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێبەری گەشتیاری بۆ کۆمپانیاکانی کوردستان و عێراق دەستەبەر دەکرێت

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : چەند بڕیارێکمان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان داوە

یاسین

باران بارین به‌رده‌وام ده‌بێت

یاسین