ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بەڕێوه‌بەری لقێكی بانکی ڕافیدەین لە ئەنبار دەستگر کرا

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 25 حوزەیرانی 2024 (دەستەی دەستپاکیی عێراقی فیدراڵ) ڕایگەیاند: ” بە تۆمەتی پێشێلکاریی یاسایی لە پێدانی پێنج ملیار دینار بە کەسێک، بەڕێوبەری لقی بانکی ڕافیدەین لە ئەنبار دەستگر کرا.”

لە ڕاگەیاندراوەکەی دەستەی دەستپاکیی عێراقدا هاتووە: “فەرمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی لقی بانکی رافیدەین لە پارێزگای ئەنبار بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کاری تێدا دەکات، جێبەجێ کرا.”

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڕێوەبەری لقی بانکی رافیدەین لە ناوچەی سەقڵاوییەی پارێزگای ئەنبار، بەتۆمەتی ئەوەی پێنج ملیار دیناری بە قەرز داوەتە کەسێک کە ویستوویەتی زانکۆیەکی ئەهلی لە قەزای فەللوجەی پارێزگای ئەنبار بکاتەوە، بەڵام پشتی بە پشکنینی ناڕاست بەستووە و زێدەڕۆیی لە زانیارییەکاندا کراوە.

دەستەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە قەرزەکە لەسەر بنەمای لێژنەی پشکنینی خانووبەرە دراوە، دەرکەوتووە زێدەڕۆیی لە خەمڵاندنی بەهای ئەو خانووە کراوە، کە خاوەن قەرزەکە وەکوو بارمتە لە بری وەرگرتنی قەرزەکە دایناوە.

ئێستا بەڕێوەبەری بانکەکە، بەپێی مادەی 340ی یاسای سزادانی عێراق دەستگیر کراوە، فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ کەسێکی دیکە دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، چونکە لەسەر میلاکی ئەو بانکە بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

“یونیتاد’ بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعشی ڕادەستی عێراق کرد

یاسین

سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاسپارد لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی تر لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەكان بکات

یاسین