ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆک بارزانی: کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول ڕایگەیاند: “ئیرادەمان لە شۆڕشی ئەیلوول وەرگرتووە تا ماویشین ئەو ئیرادەیە هەر دەمێنێت، تا ئەو پێشمەرگە قارمانانەش مابن کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە پێشکەوتنی مەزنتردا دەبێت.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/9/2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکە دۆزی گەلی کوردستانی بە هەموو جیهان گەیاند و دەرگایەکی فراوانی کردووە بۆ هەموو کوردستان و بەرهەمیشی هەبوو، دیسان لە 11ی ئازاری ساڵی 1970 دەستکەوتێکی گەورە بۆ گەلی کوردستان بەدەست هات ئەویش بە خوێنی پیشمەرگە قارەمانەکان.”

گوتیشی: “شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، هاوکات ئومێدەوارە هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ڕۆحیەتی شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕینی ساڵی 1991.”

هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا: “پێکەوە دەتوانین زۆر دەستکەوت بەدەست بهێنین، هەروەها دەبێت سوپاسی خودای گەورە بکەین، کە ئەمڕۆ لە بناری سەفینەوە بە ئامادەبوونی ئەم ئازیزانە یادی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە، کە ئەمەش نیعمەتێکی گەورەیە، سەفین ئاڵایەکی بەرزە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا.”

سەرۆک بارزانی، باسی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا هەژاری کرد و ڕایگەیاند: “مامۆستا هەژار زۆر جوان سەفینی ناساندووە، چونکە لە ساڵی 1965 ئەو کات دوو لیوای عەسکەری لە سەرمەیدان بوون، ئەو ئەفسەرەی کە قیادەی ئەو دوو لیوایەی دەکرد ناوی زەعیم ڕووکن عیسا شاوی بوو، هاتبوو تا چیای سەفین بگرێت، لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕ بۆ ماوەی 23 ڕۆژ تا گەیشتنە کەپکی کایسە، ڕۆژی دواتر عەبدولسەلام عارف هاتە سەرمەیدان لەوێ عیسا شاوی گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئێمە دەمێک بوو بەتەمابووین دیارییەکی بە نرخت پێشکەش بکەین، هیچ دیارییەک لە چیای سەفین بە نرختر نەبوو، ئێستاش سەفین پاک کراوەتەوە و بە دیاری پێشکەشت دەکەین.”

ئەوەشی خستە روو: “لە شیعرەکەی هەژار لەبارەی چیای سەفین هاتووە “کێوی سەفین بە دیاری نابێت شاوی دەمت دەشکێ گەر بە دەم بجاوی”، ئەمەش نموونەیەکە بۆ زۆرێک لە شاخەکانی دیکەی کوردستان.”

سەرۆک بارزانی روونیشی کردەوە: “ئەو ئیرادەیە لە شۆڕشی ئەیلوولمان وەرگرتووە تا ماویشین ئەو ئیرادەیە دەمێنێت، تا ئەو پێشمەرگە قارمانانە مابن کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە پێشکەوتنی مەزنتردا دەبێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر

یاسین

پێشەوا هەورامانى: هیچ هۆکارێک بۆ نەناردنی مووچە نییە

یاسین

چوار ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی بێكاری و هەڕەشەی تیرۆر پەنابەرن

سەڵاح