ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

خامنه‌یی پێشتر داوای لە حەسەن نەسروڵلا کردبوو بچێتە تاران

 

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ڕۆژێک بەر لە کوژرانی حەسەن نەسروڵلا داوای  لێ کردووە لوبنان بەجێ بێڵێت و بچێتە تاران.

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز ئیسرائیل لەنێو ئەندامانی حزبوڵلادا سیخوڕی هەیە و ئەمەش نیگەرانیی قووڵی عەلی خامنەیی لێ‌کەوتووەتەوە و حکوومەتی ئێران دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دزەکردنی ئیسرائیل لەنێو ئەندامانی سوپای پاسدارانیشدا کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەڕز لە زاری سێ سەرچاوەی ئێرانییەوە ئاماژەی بە پێشبینییەکەی عەلی خامنەیی کردووە و دەڵێت، دوای تەقینەوەی پەیجەرەکانی حزبوڵلا، خامنەیی لە ڕێگەی نێردەیەکی خۆیەوە پەیامی بۆ حەسەن نەسروڵلا ناردووە و داوای لێ کردووە بچێتە ئێران.

ڕۆیتەرز ڕوونی کردووەتەوە، بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی هەواڵگری دەر کەوتووە، ئیسرایل لەنێو ئەندامانی حزبوڵلادا سیخوڕی هەیە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو سیخوڕانەوە نەسروڵلا بکوژێت. ئەمەش نیگەرانیی قووڵی خامنەییی لێ کەوتووەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ئێران بە ڕۆیتەرزی گوتووە، پەیامەکەی خامنەیی لە ڕیگەی عەباس نیلفرۆشان، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران و بەرپرسی فەیلەقی قودس لە لوبنان بۆ نەسروڵلا ناردراوە، بەڵام دیار نییە نیلفرۆشان کەی ئەو پەیامەی بە نەسروڵلا گەیاندووە، چونکە خۆیشی لە بۆمبابارانەکەی ئیسرایلدا لەگەڵ نەسروڵلادا کوژرا.

ڕۆیتەرز ئاشکرایشی کردووە، پاش ڕوداوەکانی ئەم دواییە، خامنەیی زۆر نیگەرانی دزەکردنی هەواڵگریی ئیسرایل لەنێو بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێرانە و دوای کوژرانی نەسروڵلا بەرپرسانی ئەم وڵاتە بەڕژدی دەستیان بە کۆڵینەوە لە ئەگەری نفووزی ئیسرایل لەنێو ڕیزەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەم وڵاتەدا کردووە.

بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران بە ڕۆیتەرزی گوتووە، لەم لێکۆڵینەوانەدا بەتایبەتی ئەو کەسانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن، یان خێزانەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەژین خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.

هاوکات حکوومەتی ئێران لە بەشێک لەو ئەندامانەی سوپای پاسداران ئەوانەی سەردانی لوبنانیان کردووە دڕدۆنگه.

سەرچاوە‌ی ڕۆیتەرز ئاشکرایان کردووە، یەکێک لەو پاسدارانە سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی نەسروڵلا پرسیاری کردبوو، ئەوەیشی پرسیبوو چ ماوەیەک لە شوێنە تایبەتەکانی دەمێنێتەوە.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بە ناو و پلەی سەربازیی ئەو کەسە نەکردووە، تەنیا دەڵێت، ئەو و چەند کەسی دیکە دەستبەسەر کراون، بەڵام ئەندامانی خێزانی ئەو کەسە پێشتر چوونەتە دەرەوەی ئێران.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوا دەكات هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە

گوران

ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆری دۆلاری ساخته‌ داده‌گیرێت

یاسین

ئاگادارییەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

یاسین