ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە ئاستێکی بەرزەوە چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

ڕۆژی یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت، هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژی 18ـی ئۆکتۆبەر، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو ڕێژەی بەشداری کردن تێیدا گەیشتە (97%).

د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پڕۆسەکە گوتی: یەكێك لە دیاردە گرنگەكانی شارستانیەتی هەر گەل و وڵاتێك گەڕانەوەیە بۆ بەشداری پێكردنی هاووڵاتیان لە زەمینەی دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی حوكمڕانیدا، ئەمەش خۆی لە هەڵبژاردندا دەبینێتەوە، بەپێی ڕاسپاردە و پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەنگدانی ئازادی هاووڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمان، یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێک.

ڕێکخەریی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوو ملیۆن و 899 هەزار و 615 کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، لەوانە (215960) دەنگدەری تایبەت.

ئەوەشی ڕوونکردەوە، کە (1191) کەس لەوانە (368) ئافرەتی کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (100) کورسیی پەرلەمان کە (5) یان بۆ پێکهاتەی کریستیان و تورکمانە و (30%)ی بۆ کۆتای ئافرەتانە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد (1431) بنکەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە  دابەشکراون و (40901) کارمەند پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن.

سەبارەت بە چاودێری کردنی پرۆسەکە لەلایەنی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، لە ئاستێکی باڵای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەکە دەکرێت، کە بریتییە لە (1830) کەس لە (16) کونسوڵخانە و (15) ڕێکخراوی بیانی، (109) میدیاکار لە (22) دەزگای میدیایی جیهانی، (53) لایەنی سیاسی، (98) ڕێکخراوی ناوخۆ و (43139) بریکار و چاودێری تایبەت بە لایەنە سیاسییەكان و (9610) چاودێری ناوخۆیی پشت پێ بەستراو، چاودێری پرۆسەکە دەكەن. هەروەها (48) دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆ بەشداری دەکەن لە ڕووماڵکردنی پرۆسەکە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوە کرد، تەواوی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئاستێکی بەرزەوە چاودێری دەکرێن و پرۆسەکە بە هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکریت بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

پرسەنامەیەک لە سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

یاسین

ئەمریکا: ڕووسیا لە سووریا ئاستەنگان دەخوڵقێنێت

یاسین

وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکانی سکچوون و کۆلێرا دەکات

سەڵاح