ئەمڕۆ سیشەممە، حزبوڵای لوبنان بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەو هێرشە درۆنیەی سەر ماڵی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی لە شاری قیساریا لەئەستۆ گرت، ئەمە پاش ئەوەی رۆژانێك تێپەڕیبوون بەسەر ئەو هێرشەدا و كەس لەئەستۆی نەدەگرت و بەتایبەتی ئێران زۆر پێداگریی كرد كە لەپشت ئەو هێرشەوە نیە.
محەمەد عەفیف، بەرپرسی پەیوەندییە میدیاییەكانی حزبوڵای لوبنان، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ”بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی، بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەو هێرشە دەگرێتە ئەستۆ كە لە شاری قیساریای نزیك حەیفا، ماڵی ناتانیاهۆی كردە ئامانج.“
عەفیف لەو بەیاننامەیەدا هۆشداریی بە ئیسرائیل دا و گوتی: ”ئەگەر ئەمڕۆ نەشگەیشتبێتینە سەرتان، باش بزانن لەنێوان ئێمەدا شەوگار و رۆژگار و گۆڕەپانی شەڕ هەیە.“
جێی باسە، خودی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، وێڕای ئەوەی كە دانی بەوەدا نا ماڵەكەی كەوتووەتە بەر هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هەوڵ دراوە خۆی و هاوسەرەكەی بكوژرێن، گوتیشی: ”ئەو هێرشە ئەو گرووپە تیرۆریستییانە كردیان كە كلكی ئێرانن، بۆیە بەرپرسیاری یەكەم و دوایی لەو هێرشە، ئێرانە، دەبێ ئێران باش بزانێ كە هەڵەیەكی گەورەی كرد و باجەكەشی دەدات.“