بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی چوار ساڵی داهاتووی حکومەتی هەرێم، تایبەت بە پرسەکانی ئافرەتان، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بەڕێوەچوو، تێیدا چنوور نامیق، راوێژکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و ڤیان جەلال مرقس، بەرپرسی بەشی جێندەر لە دیوانی وەزارەت بە نوێنەرایەتی وەزارەت بەشدار بوون.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزارەتەکە لە چوارچێوەی ستراتیژی کارکردنیدا، بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەوڵەکانی سەرخستن و گەشەپێدانی توانای ژنان و پێشخستنی بەهرەکانیان و بەدیهێنانی مافە دانپێدانراوەکانیان لە سەرجەم بوارەکاندا.