ئەمرۆ یەکشەممە، 2024.11.24، بە ئامادەبوونى د.پشتیوان سادق و ئومێد خۆشناو، نوێنەرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هاوڕێیان و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە گۆڕستانى کەسنەزان لە شارى هەولێر، تەرمى هونەرمەند و ئەکتەرى ناسراو و دیارى شارى هەولێر و کوردستانى بواری سینەما و دراما و شانۆى کوردى “زاهیر عەبدوڵڵا” بەخاکسپێردرا.
دواى ئەوەى ئەمساڵ زانرا دووچارى نەخۆشى شێرپەنجەبووە، پارێزگاری هەولێر، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی هونەرمەندی کردوو و لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە 2024.6.27 ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، بەڵام لەم ماوەیەدا دووبارە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە دۆخی تەندروسیی ناوبراو تێکچووە و کەوتە دۆخێکی خراپی تەندروستی و دوێنێش شەممە 2024.11.23، بەداخەوە بەهۆی سەختى نەخۆشییەکەیەوە، لە تەمەنی 66 ساڵیدا ماڵئاوایی یەکجاریی لە هەولێر و هونەر و ئازیزانی كرد.
جێگەى باسە، زاهیرعەبدوڵڵا، ناوێكی دیاری هونەری و هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و خزمەتێکی زۆری هونەری شانۆ و سینەمای کوردی کردووە و کەسایەتییەکی هونەریی دیاری شاری هەولێر و کوردستان بوو، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایک بووە و لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی “ئەنجامی پووڵپەرستی.” دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە، ساڵی 2019 کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی “تەیراوە هەربە پیاسە” کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.