مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر هەر بارودۆخێکی نائاسایی ڕووبدات، ئەوا ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق هەیە. ئاماژەی بەوەش دا، ترامپ داوای لە سوودانی كردووە، چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.
مەشهەدانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الحدث) رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق وەڵامی داواکارییەکانیان داوەتەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان لەسەر ئیسرائیل، هەروەها فشاری ئەمریکا نیازەکانی ئیسرائیلی بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەر عێراق ڕاگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەر عێراق هێشتا جێگای نیگەرانین.
مەشهەدانی ئاشكراشی كرد، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستیی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردووەتەوە و داوای لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق كردووە، چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، خراپبوونی ئاسایش لە سووریا کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ناوچەکە و گوتیشی: “ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت.”
مەشهەدانی ئاشكراشی كردووە، كە ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ سووریادا هەیە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، دەشڵێت: “ئێران ناڕازییە لەوەی لە سووریا ڕووی داوە و چەندین نیگەرانیی هەیە، دەستی توركیاش لەو بارودۆخەی رووی داوە روونە”.