یەکێتی ئەوروپا دژایەتی خۆی لەگەڵ پێشنیاری ترامپ بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە بۆ ئوردن و میسر ڕاگەیاند.
کایا کالاس، هەماهەنگکەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی کانوونی دووهەم، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەم یەکێتییە لە برۆکسل گوتی، خەڵکی غەززە ئازاری زۆریان چەشتووە و وەک ئیسرائیلییەکان شایەنی ژیانێکی ئاشتیانەن.
بە گوتەی کایا کالاس، بەم هۆیەوە یەکێتیی ئەوروپا هەروەها پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
“کاسپار ڤێڵدکامپ”، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، بە شێوەیەکی ڕاشکاوانەتر گوتی ئەو باسکردن لە گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ میسر و ئوردن ڕەت دەکاتەوە.
ڤێڵدکامپ جەختی کردەوە خەڵک دەبێت “بتوانن لە ناوچە فەلەستینییەکان، چ لە کەناری ڕۆژئاوا و چ لە غەززە، بمێننەوە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕۆژی دووشەممە دوای لێدوانەکانی ترامپ ڕایگەیاند: نابێت فەلەستینییەکان لە غەززەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی لێدوانەکانی ترامپدا گوتی، بەرلین لەگەڵ بۆچوونی “یەکێتیی ئەورووپا، هاوبەشە عەرەبەکانمان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانیدیکە هاوڕایە و نابێت فەلەستینییەکان لە غەززە دەربکرێن و نابێت غەززە بە بەردەوامی لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر بکرێت یان دووبارە بکرێتە کڵۆنیاڵ.
“سایمۆن هاریس”، وەزیری دەرەوەی ئیرلەنداش لە لێدوانێکی هاوشێوەدا گوتی: ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان پێشبینی دەکات.
ئوردن پێشتر دژایەتیی خۆی لەگەڵ “دەرکردنی زۆرەملێی” زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی غەززە ڕاگەیاندبوو. میسریش وەک خانەخوێی دەیان هەزار فەلەستینی، بیرۆکەی گواستنەوەیان بۆ ئەم وڵاتە ڕەت دەکاتەوە.
“حەماس”ی دەسەڵاتداری غەززە و “مەحموود عەباس”ی، سەرۆکی دەستەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینیش دژایەتیی خۆیان بۆ پلانەکەی ترامپ ڕاگەیاندووە.
سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کەرتی غەززەی بە “ناوچەیەکی وێرانکراو” وەسف کرد و گوتی: دەبێت بۆ دامەزراندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “پاک بکرێتەوە”.

هەواڵی پێشوو