سەربازێکی بهریتانیایی سزای 14 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری هەستیار بۆ ئێران و کۆکردنەوەی ناوی سەربازانی هێزە تایبەتەکان تۆمەتبار کرا.
دانیێڵ عابید خەلیفە مانگی یانزەی ڕابردوو بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و سەربازی بۆ ئێران لە ساڵانی نێوان 2019 ەوە بۆ ساڵی 2022 تۆمەتبار کرا.
خەلیفە کە دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا لە هێزە چەکدارەکانی بهریتانیا دەرکرا، دانی بەوەشدانا کە لە مانگی نۆی ساڵی 2023 دا لە زیندانی واندسۆرث هەڵهاتووە لە کاتێکدا کە چاوەڕوانی دادگاییکردنی بووە لەسەر تۆمەتی دیکە. چەند ڕۆژێک دوای هەڵهاتنەکەی دەستگیرکرایەوە.
خەلیفەی تەمەن 23 ساڵ کە دایکی خەڵکی ئێرانە، وتوویەتی کە نیشتیمانپەروەرە و پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بهریتانیا و دەزگای هەواڵگری بیانی بهریتانیاش کردووە سەبارەت بەو کەسانەی کە پەیوەندی هەبووە لەگەڵیاندا، وتی ویستوویەتی ” ببێتە بریکاری ” ئەو دەزگایانە. وتووشییەتی کە خۆی و خێزانەکەی ڕقییان لە حکومەتی ئێرانییە.
بەڵام دادوەر بۆبی چیما گروب پێی وتووە کە ” پلانە مەترسیدار و خەیاڵییەکەی ” لە “ئارەزوویەکی خۆپەرستییەوە بۆ خۆدەرخستن ” دەستیپێکردووە.
دادوەرەکە سزای 14 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، وتی پیاوەکە دەریخستووە کە سەربازێکی بێوێنەیە بەڵام بووەتە ” گەمژەیەکی مەترسیدار.”
داواکاری گشتی دەڵێت خەلیفە پەیوەندی بە بەرپرسانی ئێرانەوە کردووە و دواتر لە ماوەی دوو ساڵدا پەیوەندی بە چەند کارمەندێکی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کردووە، لە بەرامبەردا پارەی وەرگرتووە.
وتیشی خەلیفە وردەکارییەکانی ئەو کەسانەی کۆکردۆتەوە کە لە دەزگای ئاسمانی تایبەت و دەزگای بەلەمی تایبەت بوون، دیارترینیان سەرباز تی تی بووە کە لە یەکەی E بوو و یەکەیەکی تایبەتی نهێنییە.
دوای هەڵهاتنی لە زیندان، داواکاری گشتی وتی زیاتر لە 150 ئەفسەر بەشداربوون لە گەڕان بەدوایدا بە سەرانسەری وڵاتەکەدا کە زیاتر لە 250,000 پاوەند لە کاتی زیادەی پۆلیسی بۆ خەرج کراوە.
خەلیفە دەڵێت ئەو بەڵگەنامانەی کە بە ئێرانییەکانی داوە بێسوود بوون، یان ئەوەتا بەردەست بوون یان خۆی دروستی کردوون.
پارێزەرەکەی گول نەواز حوسێن کە جیاوازی لەنێوان “007 و سکۆبی دوو” دا کرد لە ڕووی توانا و کردارەکانییەوە، وتی خەلیفە ڕق و چاوچنۆکی و پەرۆشی ئایینی یان باوەڕی ئایدۆلۆژی نەبووە.
وتی ” ئەگەر بە ڕاستی سیخوڕ بووایە بەو شێوەیە ڕەفتاری نەدەکرد کە کردی.”
voa