حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە شاندی “مێسام” – یەکێتیی خاوەنکارە میوزیکییەکانی تورکیا. لە دیدارێکدا پرسی پێشخستنی پەیوەندییەکان تاوتوێکران.
شاندەکە پێکهاتبوون لە نیسا چەتین کاراجا، جێگری کونسوڵی کونسوڵخانەی تورکیا و هەریەک لە رەجەب ئەرگول، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یەکێتییەکە، عەلی حەیدەر یڵدز، ئەمینداری گشتیی یەکێتییەکە، فێرزیندە کایا، میوزیکژەن و توێژەری کورد و ئەندامی دەستەی کارگێڕی.
دیدارەکە بە ئامادەبوونی خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گشتیی دیوان، محەمەد دڵشاد، بەڕێوبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری تورکمان، نامق هەورامی، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەت و دەلیل جەمال، بەڕێوبەری نووسینگەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یەکێتییەکە، سڵاوی محەممەد نوری بێگ، وەزیری رۆشنبیری تورکیای گەیاندە وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، وەزیری رۆشنبیری تورکیا بە چاوی رێزەوە دەڕوانێتە هەماهەنگی و پەیوەندی کولتووری نێوان هەردوو وەزارەت و هیوادارە ئەو پەیوەندییانە زیاتر گەشەیان پێ بدرێت.
شاندی میوان، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی لقێکی یەکێتییەکە لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
مێسام، بۆ پاراستنی مافی دانەر و موڵکیەتی فیکری، لە 1986 دامەزراوە، لە 195 وڵاتی جیهان نوێنەرایەتیی هەیە، 15 هەزار ئەندامی هەیە و چوار هەزار هونەرمەندی کوردیش تێیدا ئەندامن.