zagros news agency

خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە حەمەکەریم هەورامی

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە هۆتێل چوارچرای شاری هەولێر ئامادەی رێوڕەسمی رێزگرتن لە نووسەری ناسراو، حەمەکەریم هەورامی بوو و خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی پێشکەش کرد.

لە رێوڕەسمەکەدا، کە لە لایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بە دروشمی “ئەزموونی قەڵەمێكی هەمیشە ئاوەدان” رێکخرابوو، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو و بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، فەرهەنگ غەفوور و ژمارەیەک لە کەسایەتییە رۆشنبیر و ئەدیب و نووسەران و بنەماڵەی نووسەر و ئەدیب، حەمەکەریم هەورامی ئامادەبوون.

وەزیری رۆشنبیری و لاوان، ستایشی خەمخۆری و کۆششی حەمەکەریم هەورامی کرد بۆ خزمەتکردنی ئەدەب و هونەر و کایەی رۆشنبیری کوردی، هیوای تەمەندرێژی و لەشساغی بۆ خواست.

دواتر حەمەکەریم هەورامی، لە وتەیەکدا باسی لە قۆناغەکانی دەستپێکردنی نووسین و بەرهەمەکانی کرد و جەختیکردەوە، ئامانجی سەرەکی ژیانی خزمەتکردن بووە بە کتێبخانەی کوردی.

نووسەر و شانۆکار فازڵ جاف، خوێندنەوەیەکی پوختی لە بارەی تازەترین بەرهەمی چاپکراوی حەمەکەریم هەورامی بە ناونیشانی “درامای کوردی لە ناو درامای جیهاندا” کرد کە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە چاپی کردووە.

جگە لە خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، ژمارەیەک لە کەسایەتییەکان چەپکە گوڵی رێز و وەفایان پێشکەش بە مامۆستا حەمەکەریم هەورامی کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕایان کۆگلەر و یادی چادیک بۆسمان؛ وانەیەک لە ژیان

ART

داهاتی “Deadpool & Wolverine” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

داهاتی “It Ends with Us” لە سینەماکانی جیهاندا

ART