سوڵتانی عومان و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕێگاکانی پشتیوانیکردنیان لە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تارانیان تاوتوێ کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عومان (ئۆنا) ڕۆژی سێشەممە ١٥ی نیسان بڵاویکردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان، سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەوڵەکانی مەسقەت لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕیوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ترەمپ و سوڵتان هەیسەم گفتوگۆیان لەبارەی ڕێکارەکانی پشتیوانیکردن لەم دانوستانانە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامە خوازراوەکان کردووە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گواستیەوە،بڕیارە خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە مەسقەت بەڕێوهبچێت.
ئیرنا لە زاری ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، وڵاتی عومانی وەک شوێنی بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتڕاست کردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیتاڵیا لە لێدوانی جیادا ئاماژەیان بەوە کردبوو خولی دووەمی دانوستانەکان لە شاری ڕۆما، پایتەختی ئیتاڵیا، بەڕێوە دەچێت.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

