zagros news agency

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد و بانکی ئوردنی کوەیتی دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد و بانکی ئوردنی کوەیتی دەکات و جەختی لە بەردەوامبوونی پرۆژەی (هەژماری من) کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد (مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی کرد بە سەرۆکایەتی ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لەپێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی. هەروەها باسی لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاستی پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگای سەرۆکی حکومەت لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا.

بانکی بەغداد، یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی 1992 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەرەبی لقی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری بەرگریی‌ ئەمریکا: مانەوەی هێزی ئەمریکا لە سووریا پێویستە

یاسین

یەکێتیی ئەورووپا بڕی ١٥ ملیۆن یۆرۆی بۆ پەنابەرانی سووری لە ئوردن تەرخان کرد

سەڵاح

هاتنی ئۆرتێگاس بۆ بەیروت هاوکات لەگەڵ گوشارەکان بۆ چەکداماڵینی “حزبوڵڵا”

یاسین