zagros news agency

ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع کرد بچێتە پاڵ پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل

سەرۆککۆماری ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی گوڵان، لە سعوودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرکردەی نوێی سووریا دیداری کرد. لەم دیدارەدا داوای لێکرد سووریا بچێتە پاڵ پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل. دۆناڵد ترەمپ گوتی ئەم پێوەندییە لەگەڵ سووریا بە سووربوونی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەنجام دراوە.
کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەی هەردوو وڵات نهێنی بوو. کۆشکی سپی ڕایگەیاند دیدارەکە ماوەی نیو کاتژمێری خایاندووە. گوتەبێژێکی کۆشکی سپی گوتی، ترەمپ داوای لە شەرع کردووە سووریا بچێتە نێو «پەیمانی ئیبراهیم» لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها داوای دەرکردنی «تیرۆریستانی فەلەستینی»ی لە خاکی سووریا کردووە. لە بەرانبەردا، سەرۆکی کاتیی سووریا خواستی وڵاتەکەی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئامریکاییەکان لە کەرتی نەوت و گازی سووریا دەربڕیوە.
ئەم دیدارە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو ئەنجام درا. ئەمە پاش ٥٠ ساڵ حکوومەتی بنەماڵەی ئەسەد، نیشاندەری گۆڕانێکی گەورەیە بۆ سووریا،.
ڕۆژێک پێش ئەم دیدارە، سەرۆککۆماری ئامریکا بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای دابوو؛ ئەمەش شەپۆلێکی خۆشیی لەم وڵاتەدا دروست کرد. ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتیی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە، خەڵکی شارە جیاوازەکان بۆ دەربڕینی خۆشی ڕژاونەتە سەر شەقامان. ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی سووریا، ئەم بڕیارەی بە «دەسپێکێکی نوێ» بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە قەڵەم دا.
ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی پێشوازییان لە بڕیارەکەی ترەمپ کردووە. شایانی باسە، هەواڵی هەڵگرتنی سزاکان سەرەڕای گومانی قووڵی ئیسرائیل لە حکوومەتی شەرع ڕاگەیەندرا؛ ئیسرائیل هێشتا ئەحمەد شەرع بە «جیهادی» دەزانێت، بەڵام گرووپەکەی ئەو «تەحریر شام» لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاندووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سۆمۆ: لە ماوەی سێ مانگدا ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردە کراوە

یاسین

DeepSeek بە بەهێزترین ژیری دەستکرد دادەنرێت لە جیهاندا

سەڵاح

هۆکاری دوورخستنەوەی ڕاهێنەری یۆڤانتۆس ئاشکرا دەبێت

یاسین