zagros news agency

سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2023.5.20، بە ئامادەبوونی پارێزگارانی ( هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵبجە ) و پارێزگارانی ( کوردستان، کرمانشا، ئازربایجانی ڕۆژئاوا ) و نوێنەری ویلایەتی فقهی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئابووری و سەرۆکی لیژنەی کاروباری پارێزگاکان لە پەرلەمانی ئێران، سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی، پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە کونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێم – ئێران و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی بوون، تێیدا چەندین وتار پێشکەشکرا و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هەروەها ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیان بەگرنگ و پێویست زانی بۆ هەردوولا و پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە پێناو پێشخستن و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا و بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی له‌ دەروازەی سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران کردەوە و، هیواشیان خواست بە هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر، لێکتێگەیشتنی زیاتر و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست، پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.

پارێزگاری هەولێریش، لەوتارێکدا، بەناوی شاندی هەرێمی کوردستان، دوپاتیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکانی خواستی ئەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەی هەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش پاڵشت و هاوکارە.

گوتیشی، لە هەوڵەکانی بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەکان، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە بوونە هۆکار بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدار و کۆبوونەوەیە، بە تایبەتی سوپاسی سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و پارێزگاری کوردستانی کرد بۆ پێشوازیی و ئامادەکاری دیدارو کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا.

سەبارەت بەسەردانیکردنی زیارەتکارانی ئێرانیش لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، لەساڵانی ڕابردوو هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە، بەردەوامیش دەبێت.

لە کۆتایشدا، باسی لەو پڕۆژە و کار و گەشەسەندن و پێشکەوتنانەکرد، کە سەرەڕایی ئەو زوڵمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستان دەیکات، لە بڕینی بوودجە و مووچە هاتۆتەدی.

دواتر، هەریەک لە پارێزگارانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، وتاریان پێشکەش کرد و تیشکیان خستەسەر بەرەو پێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، هەروەها ئومێدیان خواست ئەم کۆبوونەوە و دیدارەکانی ببێتە هۆی داڕشتنی میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کەم و کوڕییەکان و هەنگاوێک بێت بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆری بازرگانی و پەرەپێدان و بوژاندنەوەی زیاتر کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازیی و گەشت و گوزار لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر عێراق له‌باره‌ى یاسای حەشدی شەعبییه‌وه‌

سەڵاح

ئەڵمانیا ئێرانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بانگهێشت کرد

یاسین

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی یه‌کێتيی ئه‌ورووپا بۆ ناوچه‌ی که‌نداو کۆبووەوە

یاسین