عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەری خێرا دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکای ڕەتکردەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە “دەرگاکانی دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێن.”
عەباس عراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی ‘سی بی ئێس’ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند، “تەکنۆلۆجیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بۆردومانکردن لەناو ناچێت”، ئەم قسەیەی ئاماژەدان بوو بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دەتوانێت بەخێرایی زیانەکانی هێرشەکان چاک بکاتەوە، هەروەها “ئەگەر ئیرادەمان هەبێت بۆ پێشکەوتنی نوێ لەم پیشەسازییەدا”، دەتوانین قەرەبووی کاتە لەدەستچووەکان بکەینەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: پێموانییە دانوستانەکان بەو خێراییە دەست پێبکەنەوە، پێش ئەوەی بڕیاری دووبارە بەشداریکردنەوە بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی ئەمەریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشی سەربازی ناکاتە سەر ئێمە.
ڕوونیشی کردەوە، پێموایە لەگەڵ هەموو ئەم ڕەچاوکردنانەدا هێشتا پێویستمان بە کاتێکی زیاترە، بەڵام “دەرگاکانی دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێن.”
عراقچی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئێران درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات ڕایگەیاند، “بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانە، بووەتە بابەتی شانازی و شکۆمەندی نەتەوەیی، گەل بە ئاسانی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.”
عراقچی دەربارەی جەنگی نێوان خۆیان و ئیسرائیل، گوتی: لەماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا سەلماندمان کە توانای بەرگریکردن لە خۆمان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تووشی هەر دەستدرێژییەک بووین بەردەوام دەبین.

