بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ڕووسیا بۆ سەر زیندانێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ١٧ زیندانی کوژران و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشەکەی بە “ئەنقەست و ئامانجدار” ناو برد.
وەزارەتی دادی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا بە چوار بۆمبی گلاید (ناسراو بە بۆمبی خلیسکێن) زیندانەکەی لە هەرێمی زاپۆریژیا کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیاییەوە بڵاوی کردەوە، لە کاتی هێرشەکەدا ٢٧٤ کەس لەو زیندانەدا سزاکەیان بەسەر دەبرد و ٣٠ کارمەندیش لەسەر کار بوون. هەمان بەرپرس جەختی کردەوە هیچ دیلێکی جەنگیی ڕووسی لەو زیندانەدا نەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەسۆوشیەیتد پرێس، لەم هێرشەدا هۆڵی نانخواردنی زیندانەکە وێران بووە و زیان بە باڵەخانە کارگێڕی و کەرەنتینەکانیش گەیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرژینی دەوری زیندانەکە وەک خۆی ماوەتەوە و بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا، هیچ حاڵەتێکی هەڵاتن لە زیندان ڕاپۆرت نەکراوە.
ئەم هێرشە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دوا وادەدا داوای لە مۆسکۆ کرد کۆتایی بە شەڕی دژی ئۆکرانیا بهێنێت، ئەگینا ڕووبەڕووی سزای توندتر دەبێتەوە.
بەرپرسانی ئۆکرانیایی هێرشەکەی ڕووسیایان بۆ سەر ئەم زیندانە سەرکۆنە کردووە و بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئامانجکردنی ژێرخانە مەدەنییەکان، وەک زیندان، بە “تاوانی جەنگ” لە قەڵەم دەدەن.
هەواڵی داهاتوو

