ئیسرائیل داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، سبەی سێشەمە، دانیشتنێکی نائاسایی و بەپەلە دەربارەی دۆخی بارمتەکانیان لە غەززە بکەن.
دانی دانون، نوێنەری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، سبەی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، دانیشتنێکی بەپەلە لەسەر دۆخی ئەو بارمتانەی لە ژێر دەستی حەماسن لە غەززە، دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی غەززە تووشی برسیەتیەکی مەترسیدار بوونەتەوە.
دانی دانون لە پلاتفۆڕمی ‘ئێکس’ نووسیوویەتی: “دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی دوو بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە، کە جەستەیان زۆر لاواز بووە، ئیسرائیل تووشی شۆک بووە.”
دانون ئاماژەی بەوەش دا، “لەوەڵامی داواکەم بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا ڕۆژی سێشەممە، دانیشتنێکی بەپەلە دەربارەی دۆخی بارمتەکان لە غەززە ئەنجام بدات.”
گوتیشی: “وێنەکان خۆیان دەدوێن، هەروەها هەڵمەتێکی جیهانی دژی ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت، ئەمە لەکاتێکدایە حەماس بارمتەکان برسی دەکات و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکات.”
ڕۆژنامەی ‘یسرائیل هایۆم’ بڵاوی کردەوە، بڕیارە لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەدعون ساعر ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت و بەناوی ئیسرائیل قسە بکات.

