کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) رایگەیاند، زیادکردنی بەرهەمی عێراق لە ئۆپێک تاوتوێ کراوه، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەری لەسەر نرخی نەوتی جیهانی نابێت.
عەلی نزار بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ راگەیاند: “ئەو زیادکردنەی ئۆپێک بڕیاری لەسەر داوە بۆ عێراق لەڕێگەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە تاوتوێ کراوه و لەڕووی بەرهەمهێنان و خواست و هاوسەنگی لە بازاڕی جیهانی نەوت لە نێوان دابینکردن و خواستدا لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی بازاڕ کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو زیادکردنە تەنها دوای ئەوە دێت کە پسپۆڕانی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک دڵنیابن لەوەی بازاڕ بەرگەی دەگرێت.”
روونیشیکردەوە، “ئەو زیادبوونە لەسەر پشکی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەیه نەک لە کەمکردنەوە بنەڕەتییەکان که بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەو وڵاتانەیه”.
جەختیشی کردەوە کە “ئەم زیادبوونە خزمەت بەو وڵاتانە دەکات و تاڕادەیەک پشکی بازاڕیان دەگەڕێنێتەوە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە عێراقیشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نرخەکانیش لە بەرزبوونەوەدان و قەبارەی خواست دەپارێزرێن کە لە ماوەی چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا هەیە”.

