zagros news agency

دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسيی پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازى لە جێگرى سەرۆکى پارتى داد و گەشەپێدانى تورکیا دەکات

 

ئه‌مڕۆ، یەکشەممە ڕێکەوتى ٢٤ی ئابى ٢٠٢٥، شاندێکى باڵاى پارتى داد و گەشەپێدان (ئاک پارتى) بە سەرۆکایەتى بەڕێز (زافەر سیراکایە) جێگرى سەرۆک و بەرپرسى کاروبارى دەرەوەى پارتى ناوبراو، سەردانى مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانى له‌ پیرمام کرد و، لە لایەن بەڕێزان لە دەستەى کارگێڕ و مەکتەبى سیاسى پارتى پێشوازییان لێکرا.

له‌دیدارەکەدا، کە هۆشیار زێبارى و سیداد بارزانى و مەحمود محەمەد ئەندامانى دەستەى کارگێر و زاگرۆس فەتاح ئەندامى مەکتەبى سیاسى ئامادەیبوون، هۆشیار زێبارى بەناوى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە به‌خێرهاتنى شاندى میوانى کرد، کە بۆیەکەمجارە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن، هەروەها سڵاوى جەنابى سەرۆک بارزانى ئاستەى شاندەکە و سەرۆک ئۆردوگان کرد و، تیشکى خستە سەر پەیوەندى پتەو و لەمێژینەى پارتى دیموکراتى کوردستان و پارتى داد و گەشەپێدانى تورکیا لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەشى نێوان هەردوولا و هەرێمى کوردستان و وڵاتى توکیا. هاوکات تیشکى خستە سەر گرنگى ئەو پەیوەندییانە لەپێناو ئارامى و سەقامگیرى ناوچەکە و هەنگاوى هاوبەش بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتى تورکیا.

زافەر سیراکایە، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و دیدار و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی لێی كرا، سوپاس و پێزانینی پارتەکەی و سەرۆک ئۆردوگانى ئاراسته‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و پارتی كرد بۆ هەوڵە کاریگەر و بەردەوامەکانیان لە سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا لە پێناو سەقامگیرى ناوچەکە و هاندانى هێز و لایەنەکان بۆ گرتنەبەرى رێگاى دیالۆگ و گفتوگۆ لە چارەسەرکردنى گرفتەکان و قوڵکردنەوەى برایەتى نێوان گەلى کورد و تورک و گەلانى ناوچەکە بەگشتى کە سەرئەنجام هەموومان براى یەکین و قەدەرمان لەم ناوچەیەدا بەیەکەوەیە.
هەروەها بەڕێزیان پیرۆزبایى (٧٩)یەمین ساڵەى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەى کە پارتى لە دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستاندا بە دەستى هێنا کرد و، ئومێدى خواست کە هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى دڵخۆشکەرى لێ بکەوێتەوە و تیشکیشى خستە سەر پەرۆشیان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى نێوان هەولێر و بەغدا.

لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا ئایندەى ناوچەکە و گۆڕانکارى و ئاڵنگاریەکان خرانە بەر باس، ئاماژە بەوەدرا کە کێشە لە هەر وڵاتێک کاریگەرى دەبێت لەسەر وڵاتەکانى دیکەى ناوچەکە، بۆیە ئەرکى هەموولایەکە دوربینانە لە پێناو بەرژەوەندى هاووڵاتیانیان و گەلانى ناوچەکە و چەسپاندنى دیموکراسى هەنگاوبنێن.

لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزترکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو پارت و هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کردەوە و، هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگى بەردەوام بۆ پێشخستنى پرۆسەى ئاشتى و نەهێشتنى مەترسیەکانى تیرۆر و چەسپاندنى ئاشتى و پێکەوەژیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ئیستەمبۆڵ باڵەخانەیەكی سێ نهۆمی رووخا

یاسین

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، داوای پەروەردەی فەرمی بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان دەکرێت

یاسین

ئێران هەڕەشەی دروست‌کردنی بۆمبی ئەتۆمی دەکات

سەڵاح