وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بەمزووانه خزمەتگوزاری سڕینەوە و زیادکردنی ئەلکترۆنی له پسوولەی خۆراک چالاک دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، خزمەتگوزاریی زیاتر لە 2 ملیۆن و 750 هەزار هاووڵاتی دوای پشتڕاستکردنەوەی داتاکان لە سیستمی ئەلیکترۆنیدا راگیراوە.
محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: “وەزارەتی بازرگانی لە پرۆسەی تەواوکردنی رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بە نوێکردنەوەی سیستمی کارتی بەشەخۆراک دایە، پلانێک داڕێژراوە بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزاری سڕینەوە و زیادکردنی ئەلکترۆنی لە ماوەی داهاتوو بە ئامانجی ئاسانکاریکردن له رێکارەکان بۆ هاوڵاتیان و دڵنیابوون لە وردیی داتاکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “له پرۆسەی نوێکردنەوەی ئەلکترۆنی کارتی بەشەخۆراک، چەند حاڵەتێکی دەستکاری و ساختەکاری و هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی تۆماری سوودمەندانی بینرا.”، جەختیشیکردەوە، “وەزارەت رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گرتووەتەبەر و هەندێک حاڵەتی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی چاودێری کردووە”.
روونیشی کردەوە: ” نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەکی کاریگەر شەفافیەت و دڵنیابوون لەوەی بەشە خۆراکییەکان دەگاتە سودمەندە شایستەکان بەرز دەکاتەوه و دابینکردنی پێداویستی خۆراک بۆ زیاتر لە 2.75 ملیۆن هاووڵاتی بە هۆکاری جیاجیا راگیراوە، دوای وردبینی و رێکارەکانی ناو ئەپەکە”.

