وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، دوو پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و رێگەوبان بە گوژمەی حەوت ملیار و 600 ملیۆن دینار لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکەن، ئەمەش وەک بەشێک لەو بەڵێنانەی سەرۆکی حکوومەت بە خەڵکی شارەکەی دابوو.
رۆژی سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو پڕۆژەی گەورە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکە لە شاری هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن، کە یەکێکیان پڕۆژەی ئاوەڕۆیە و ئەوی دیکەیان رێگەوبانە.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ پارێزگای هەڵەبجە، کە تێیدا بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ شارەکە دەرکرد.
پڕۆژەکان بریتین لە:
پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی: بە گوژمەی 6 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت و کارەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە 95% و بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی شارەکە دادەنرێت.
پڕۆژەی رێگەسازیی گەڕەکی ئەندازیاران: بە گوژمەی یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات، پڕۆژەیەکی دیکەی رێگەسازی لە گەڕەکی فەرمانبەران بە گوژمەی 550 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی شارەوانیی هەڵەبجە جێبەجێ کراوە و کارەکانی 100% تەواو بووە.








