zagros news agency

عەلی لاریجانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە تەنها باسی دانوستاندن دەکات

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەمریکاییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە «تەنها باسی دانوستاندن دەکەن و نایەنە سەر مێزی دانوستاندن و بە هەڵە دەڵێن کۆماری ئیسلامی دانوستاندن ناکات!»
عەلی لاریجانی ڕۆژی سێشەممە لە تویتێکدا لە تۆڕی ئێکسدا، بە باسکردنی ئەوەی کە «ئێمە بەدوای دانوستاندنێکی ژیرانەداین»، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە خستنەڕووی بابەتگەلێک کە «خۆیان دەزانن ئەگەری بەدیهێنانی نییە، وەک سنووردارکردنی مووشەکی، مۆدێلێک دەخەنەڕوو کە بە کردەوە ڕێڕەوی دانوستاندن ناهێڵێت».
ئەو لە کاتێکدا بانگەشەی خواستی تاران بۆ دانوستاندن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەوەتەی بۆردومانکردنی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لە یەکی تیرمانگ چەندین جار گوتوویانە کە ئامادەی دانوستاندن نین لەگەڵ ئەو وڵاتە.
تەنانەت عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووی خەرمانان بە ڕەتکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، مەسەلەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە «چارەسەرنەکراو» ناوبرد.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە ١٣ی گەلاوێژیش گوتبووی کە دانوستاندنێکی لەو شێوەیە لە بەرنامەی کاردا نییە، بەڵام لە هەر دانوستاندنێکی ئەگەرییدا، باسی «لێپرسینەوە لە ئەمریکا» بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان دەبێت.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پێشتر گوتبووی کە ئێران دوای ئامانجگرتنی دامەزراوە ناوکییەکانی کاردانەوەی «زۆر خراپی» هەبووە و سیگناڵی ناخۆش دەنێرێت.
ئەو ڕۆژی شەشی تیرمانگیش بە دەربڕینی توڕەیی لە گوتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە بانگەشەی سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیل و ئەمریکادا دەکرد، گوتی: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا من کارم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەگەری سزاکان و بابەتەکانی تر دەکرد، بەڵام بەم لێدوانانەی پڕ لە توڕەیی و ڕق و بێزاری… دەستبەجێ هەموو کارەکانم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و بابەتەکانی تر وەلانان».
تاران و واشینگتن تا پێش هێرشەکەی ٢٣ی جۆزەردانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە ١٢ ڕۆژی خایاند، پێنج خولی دانوستاندنیان دەربارەی بەرنامەی ناوکیی تاران ئەنجام دابوو، بەڵام خولی شەشەمی دانوستاندنەکان بەهۆی ئەو هێرشەوە هەڵوەشایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێم و عێراق ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

یاسین

ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

سەڵاح

بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لێداونی جیاواز دەدەن

یاسین