zagros news agency

دوای دەرکردنی باڵیۆزی ئێران، باڵیۆزی ئوسترالیاش تاران بەجێ دەهێڵێت

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٣ی خەرمانان (٤ی سێپتەمبەر)، هەواڵی دەرچوونی باڵیۆزی ئوسترالیای لە ئێران پشتڕاست کردەوە و گوتی: “بەپێی نەریت و یاسا دیپلۆماسییەکان و وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هەنگاوەکەی ئوسترالیا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە شێوەی بەرانبەر ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی ئوسترالیای لە ئێران کەم کردووەتەوە.”
بەقائی دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی لە ئوسترالیا بە “ناهەق” ناوبرد و گوتیشی: “تۆمەتی دژایەتیی جوولەکە دژی ئێران، تۆمەتێکی پێکەنیناوی و بێ بنەمایە.”
ئەحمەد سادقی، باڵیۆزی ئێران لە ئوسترالیا، پێنجشەممەی ڕابردوو (٦ی خەرمانان) خاکی ئەو وڵاتەی بەجێ هێشتبوو. دەرکردنی ناوبراو دوای ئەوە هات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرا بەوەی دەستی لە لانیکەم دوو هێرشی دژەجوولەکە لە سیدنی و مێلبۆرن هەبووە.
ئانتۆنی ئالبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، ڕایگەیاندبوو، بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی، ڕوونە کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی سەرپەرشتیی دوو هێرشی ئاگرتێبەردانی لە چێشتخانەیەک لە سیدنی و کەنیسەیەک لە مێلبۆرن کردووە.
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، ڕایگەیاندبوو، ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە باڵیۆزێک لەو وڵاتە دەربکرێت. حکوومەتی ئوسترالیا هەروەها چالاکییەکانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران ڕاگرتووە و داوای لە هەموو هاووڵاتییە ئوسترالیاییەکان کردبوو ئێران بەجێ بهێڵن و گەشتی بۆ نەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێزان شێخ دلێر بۆ زاگرۆس: هه‌رچی زووه‌ ده‌بێت كابینه‌ی حكوومه‌ت دروست بكرێت

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری

یاسین

دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

یاسین