بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـ9-2025، ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا ئازادکران، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سروە ڕەسول بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگی قەیرانەکان و بەرپرسانی فەرمانگە پێشوازیان لە گەنجەکان کردووە و دکتۆرو پێداویستی پزیشکیان بۆ دابین کردوون.
سروە ڕەسول گوتی: ئەم گەنجانە دوای ئەوەی زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە گرتووخانەکانی لیبیا دووچاری ئازارو مەینەتی زۆر ببوونەوە، ئەمڕۆ بەسەلامەتی هاتوونەتەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی کرد، کە ئەرکی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە ئەستۆ گرت.

