ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى د.دلۆڤان محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و د.ڕێزان ئەنوەر، بەڕێوەبەرى تیمی فریاکەوتنی (122)ی خێرایی هەولێر و ژمارەیەکى تر لە پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، لە ڕێورەسمێکدا بنەکەى تەندروستى ” قەڵات ” بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و سوود وەرگرتنی هاونیشتیمانیان لە نێو سەنتەرى خانەشینی پیاوان و ئافرەتانى هەولێر کرایەوە.
دواى کردنەوەى بنکە و بە سەرکردنەوەى بەشەکانى، پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى، دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر و تیمی فریاکەوتنی (122) کرد بۆ کردنەوەى بنکەکە و هیواى سەرکەوتنى بۆ پزیشک و کارمەندانى بنکەکە خواست.
هەروەها کردنەوەى ئەو بنکە تەندروستییەى لە نێو سەنتەرى شار بە گرنگ و کاریگەر وەسفکرد لە هاوکاریکردن و چارەسەرکردنى هاوڵاتییان و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى تەندروستى پێویست بۆ خانەنشینان کە ڕۆژانە ژمارەیەکى زۆر لە ئافرەتان و پیاوانى خانەنشین سەردانى سەنتەرەکە دەکەن و ئومێدى خواست هاوڵاتییان و خانەنشینان پێویستیان پێى نەبێت و هەمیشە ساغ و تەندروست باشبن.

