zagros news agency

گەورەترین کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە هەولێر دروست دەکرێت

 

ئاژانسی کۆیکای کۆری بە هاوکاری لەگەڵ كونسوڵخانەی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، دەست دەکەن بە نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە 10 قوتابخانە و کتێبخانەی گشتیی زەیتوون لە شاری هەولێر، هەروەها کۆمەڵگەیەکی گەورەی پەروەردەیی لە شاری هەولێر دروست دەكەن.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم مایکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەنێویشیاندا ئاژانسی هەواڵی (شەفەق نیوز) گوتی: ”ئەو هەوڵانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە داویەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆریای باشوور، لەمڕۆوە دەست دەکرێت بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گەورەی پەروەردەیی لە شاری هەولێر، هەروەها نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە 10 قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی جارێکی دیکەی کتێبخانەی گشتیی زەیتوون کە کتێبخانەی گەورەی هەولێرە.“

باسی لەوەش کرد، کۆی گشتیی تێچووی ئەم پرۆژەیە زیاتر لە ١٢ ملیۆن دۆلارە و لەسەر بودجەی وڵاتی کۆریای باشوور دابین کراوە و پەرلەمانی کۆریا بڕیاری لە جێبەجێکردنەکەی داوە و ئاژانسی کۆیکای کۆری جێبەجێی دەکات، کۆمەڵگە پەروەردەییەکە لەسەر ئاستی عێراق دەبێتە یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی پەروەردەیی، هەم بۆ پێگەیاندنی قوتابییان و خوێندکاران و هەروەها پێگەیاندنی مامۆستایان بۆ قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد کە لە پڕۆژە و پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئێستا بەنزیکەیی زیاتر لە ٢٤٠٠ قوتابخانە لە کاردان، دەوامی سێ دەوامی لە قوتابخانەکاندا نەماوە و ئەوەی هەیە بووەتە قوتابخانەی دوو دەوامی و هەروەها گەشەپێدان لە سەنتەرەکانی پەرەپێدانی مامۆستایانیش لە چوارچێوەی ئەو کۆنفرانسانە بەردەوامە کە ئەنجام دراون بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە و زیاتر لە دوو ملیۆن کتێبیش لەو چوارچێوەدا چاپ کراون.

کۆمەڵگەی پەروەردەیی و ڕاهێنانی مامۆستایان کە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم پلانە، دەکەوێتە دارەتووی شاری هەولێر.

هەواڵی پەیوەندیدار

شاخەوان عەبدوڵا زانیاری لەسەر کێشەی مووچە و دادگای فیدراڵی دەخاتەروو

دڵشاد

بزانه عێراق چەندەم وڵاتی جیهانه له بەرهەمهێنانی بامیە

یاسین

ئاسایشی هه‌ولێر چوار كه‌س له‌سه‌ر رفاندنی كچێك ده‌ستگیر ده‌كات

یاسین