سیستەمی پەروەدە و خوێندنی باڵا لە عێراق لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا لە خراپترین قۆناغیدایە و چاودێرانیش پێیانوایە، بەهۆی گەندەڵی لە وەرگرتنی قوتابیان و دابەزینی توانای زانستی و نەبوونی چاودێرییەکی تەواو، زانکۆ تایبەتەکان بوون بە بازاڕ و کارگەی بازرگانی نەک دامەزراوەی ئەکادیمی.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، وەزیری خوێندنی باڵای وڵاتەکە، نەعیم ئەلعەبوودی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دامەزراندنی کۆلێژی زانکۆی ئەلبانی لە بەغدا دەرکرد، دوای ئەوەی سەلمێندرا کە سەرپێچییەکی گەورەیان ئەنجام داوە.
ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی فەرمییە بە قووڵایی قەیرانەکە و داڕمانی کەرتی خوێندنی باڵا.
هەروەها، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەیاننامەیەکدا لە ڕایگەیاند، “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە، لە سی و هەشتەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، ڕەزامەندیی دا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دامەزراندنی کۆلێژی زانکۆی ئەلبانی بەهۆی سەرپێچیکردنی ئەو مەرج و ڕێسایانەی لە یاسای خوێندنی باڵای تایبەت هاتووە”.
هەروەها، ئەلعەبوودی ڕێنوێنیی داوە کە ڕاسپاردەیەک بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکە بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی (38)ی هەمان یاسا. ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێشێلکارییە ڕێکخراوەیی و ئەکادیمییە جددییانە بووە کە لەلایەن لیژنە وەزارییە پەیوەندیدارەکانەوە بەڵگەی لەسەر کراوە، کە زیان بە کوالیتیی پرۆسەی خوێندن دەگەیەنێت، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە.

