zagros news agency

چه‌ند لایه‌نێكی تورکمانی پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند

 

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، حەوت پارت و لایەنی سیاسیی تورکمانی، بڕیاریان دا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کە بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوە بچێت، پشتیوانی لە لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن. ئەوان داوا لە تەواوی پێکهاتەی تورکمان دەکەن دەنگ بەم لیستە بدەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئەو هێزە نیشتمانییە تێکۆشەرە لە بەغدا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا حەوت لایەنی سیاسیی تورکمان، جەختیان لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان پێکهاتەی تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە.

ئەوان ئاماژەیان بەوە دا، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ناوەندێکی گرنگی پێکەوەژیان و تەبایی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بووە و ئەم فەرهەنگە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی سیاسی و حوکمڕانییش هەبووە.

لایەنە تورکمانییەکان، ستاییشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکەن لە “پشتیوانیکردنی بەردەوام لە ماف و داواکارییەکانی تورکمان.”

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: “بۆیە ئێمە ئەو حزب و لایەنانەی تورکمان کە ناومان هاتووە، بڕیارمان دا، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١١/ ١١/ ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت، دەنگ بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.”

ئەم حەوت لایەنە داوا لە سەرجەم دەنگدەرانی پێکهاتەی تورکمان دەکەن، کە دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، تا نوێنەرانی ئەم حزبە بتوانن لە بەغدا “بەرگری لە ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەکان بکەن و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێم بکەن.”

بۆ بیرهێنانەوە، پشتیوانیی لایەنە تورکمانییەکان لە پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا پێشینەی هەیە و لە هەڵبژاردنەکانی پێشووشدا لایەنە تورکمانییەکان پشتیوانییان لە کاندیدەکانی پارتی کردووە.

لایەنە واژۆکارەکانی بەیاننامەکە:

پارتی گەشەپێدانی تورکمان
پارتی دیموکراتی تورکمان
بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی
پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمانی
کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی تورکمانی
کۆمەڵەی لێبڕاڵیی تورکمانی
پارتی گەزەنگی تورکمانی کەرکووک

هەواڵی پەیوەندیدار

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ڕوونکردنەوە لەبارەی سواڵکردن دەدات

سەڵاح

ئاژانسی زاگرۆس، دیوی پشته‌وه‌ی دیداری سه‌رۆك بارزانی و شاندی ئیمرالی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

سەڵاح

سووریا ڕێژەی هاوردەکردنی کەرەستەی خۆراکی بەرزکردووەتەوە

یاسین