دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی کە ئاماژەیان بە “ڕەفتاری سەیر و نائاسایی” گۆرانیبێژی ناوداری پۆپی ئەمریکی، بریتنی سپێرز، دەکرد لە یەکێک لە دەرکەوتنەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو چێشتخانەیەی کە خانمە ئەستێرەکە سەردانی کردبوو، هاتە دەنگ و بەرگری لێکرد.
بەپێی گۆڤاری “Us Weekly”، بریتنی سپێرزی تەمەن ٤٣ ساڵ لە ٢٢ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ یاریدەدەرەکەیدا سەردانی چێشتخانەی “Red O”ی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کردبوو.
دواتر ڕۆژنامەی “Daily Mail” ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، گوایە بریتنی بە شێوەیەکی شڵەژاو ڕەفتاری کردووە و دواتریش بە خێراییەکی زۆر مەترسیدار ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە. بەڵام ئۆلیڤەر وین، بەڕێوەبەری چێشتخانەکە، ئەو دەنگۆیانەی بە تەواوی ڕەتکردەوە و وتی: “خۆم لەوێ بووم و خزمەتم کرد. ئەو زۆر ئارام و بەڕێز بوو.
نزیکەی کاتژمێرێک مایەوە، نانەکەی خوارد و ڕۆیشت، بە هیچ شێوەیەک سەرخۆش نەبوو.” ناوبراو زیادی کرد کە بریتنی زۆر بە گەرمی پێشوازی لە هەوادارانی کردووە لە چێشتخانەکەدا و وێنەی لەگەڵ گرتوون، هەروەها ستایشی سادەیی و خۆنەویستیی کرد و وتی: “من لە چەندین چێشتخانەی بەناوبانگ کارم کردووە، بەڵام هەرگیز ئەستێرەیەکی ئەوەندە سادە و خۆشەویستم نەبینیوە”.

