بەربژێرێکی پارتی ڕایدەگەیەنێت،حکوومەتى عێراق لەڕووى تەندرووستییەوە، مامەڵەیەکى نادادپەروەرانە لەگەل هەرێمی کوردستان دەکات، هەر لە دابینکردنى پێداویستییە تەندرووستییەکانەوە بگرە تا تەرخانکردنى بودچەى پێویست.
د.دلۆڤان محەمەد، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق، بڵاوی کردەوە: “یەکێک لە کێشە هەرە زەقەکانى عێراق و دەسەڵاتدارەکانى، ئەوەیە، کە هەموو شتێکیان بە سیاسى کردووە. ئەمە تا ئەو ئاستە چووەتە پێش، کە تەنانەت پرسێکى تەواو مرۆیى وەکو تەندرووستیش، نەیتوانیوە خۆى لێ دەرباز بکات.”
ئاماژەی بەوەش داوە: ” حکوومەتى عێراق لەڕووى تەندرووستییەوە، مامەڵەیەکى نادادپەروەرانە لەگەل هەرێمی کوردستان دەکات، هەر لە دابینکردنى پێداویستییە تەندرووستییەکانەوە بگرە تا تەرخانکردنى بودچەى پێویست بۆ بەرێوەبردنى کەرتى تەندرووستى.”
د.دلۆڤان محەمەد، دەشڵێت: “ئێمە وەکو بەشێکى سەرەکى لە خزمەتگوزارى لەپێناوى خۆشگوزەرانى، سەیرى تەندرووستى دەکەین، بۆیە هەموو هەولێک دەدەین بۆ گەڕاندنەوەى مافەکانمان. ئامادەیى تەواویشمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو رێگر و بەربەست و ئاڵنگارییانەى کە دێنە پێشمان،بە پشتیوانى خوا و دەنگدەران سەردەکەوین.”

