شارەزایەکی ئابووریی ئێرانی ڕایگەیاند زیاتر لە 7 ملیۆن هاووڵاتیی برسی لە ئێراندا هەیە و هۆشداریی دا کە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ڕێژەی برسییەتی لە نزیکەی 10٪ەوە بۆ زیاتر لە 40٪ بەرز دەبێتەوە.
حوسێن ڕاغفەر، شارەزای ئابووریی، گوتی: “ئاوا بڕوات، ڕێژەکە بۆ زیاتر لە 40٪ بەرز دەبێتەوە.” پێشتریش میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند بوو کە نزیکەی 35٪ی هۆکارەکانی مردن لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ برسێتی. لە لایەکی دیکەشەوە، مەنسوور پووریان، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی دابینکردنی ئاژەڵ، ڕایگەیاند کە بە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی بەستوو لە 420 هەزارەوە بۆ نزیکەی 700 هەزار تمەن، خەڵک توانایی کڕینی ئەو گۆشتەشیان لەدەست داوە.
هاوکات، شارەزایان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 70٪ی دانیشتووانی ئێران کەمیی “ڤیتامین دی”یان هەیە و ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر سیستەمی بەرگریی لەش و نەخۆشییەکانی ئێسک. پێشبینیش دەکەن نرخی شیرەمەنی و ماستیش دوو هێندە گران بێت، کە سوودی بۆ ئێسک هەیە. ئەم دۆخە ئابووریی و تەندروستییە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قەیرانێکی گشتگیر لە وڵاتەکەدا کە ژیانی ملیۆنان هاووڵاتیی خستووەتە مەترسییەوە.

